حکومەتی کوەیت گۆڕانکاریی لە تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیریدا کرد و لە 15 ساڵەوە گۆڕی بۆ 18 ساڵ.

حکومەتی کوەیت فەرمانێکی لە رۆژنامەی رەسمی حکومەتدا بەناوی "الکویت الیوم" بڵاویکردەوە و تیایدا هاتووە، بەپێی ماددەی 26 لە یاسای باری کەسێتی، رێگە نادرێت بە ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری و پەسەندکردنی هاوسەرگیری بۆ ئەو کەسانەی تەمەنی یاساییان نەگەیشتووەتە 18 ساڵ.

ئەوەش هاتووە، جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە بە پشتبەستنە بە یاسای دەوڵەتی کوەیت کە تیایدا جەخت لە پاراستنی خێزان و دایک و منداڵ دەکاتەوە و لەگەڵ بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامدا دەگونجێت.

هەربەپێی فەرمانە حکومییەکە، حکومەتی کوەیت دەبێت ەرکە نێودەوڵەتییەکانی جێبەجێبکات بە پاراستنی مافی منداڵان، کە بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی منداڵ، هەرکەسێک بەر لە 18 ساڵ بێت بە منداڵ هەژمار دەکرێت، هەروەها حکومەتی کوەیتیش پابەند دەکات بە رێگریکردن لە هاوسەرگریری پێشوەختە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا ناسر سەمیت وەزیری دادی کوەیت رایگەیاندبوو، تەنها 30٪ی ئەو هاوسەرگرییە پێشوەختانەی لە کوەیتدا ئەنجام دەدرێن، کەسانی بیانین، کە لەو رێژەیەش زۆرینەی خەڵکی سوریا، سعودیە، ئێران، ئەفغانستان، میسڕ و قەتەڕن.