ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکەکانی سوپای ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی فەرماندەیی سەر بە رێکخراوی جیهادی ئیسلامی فەلەستین لە دیمەشقی سوریا، کە بە وتەی سوپای ئیسرائیل، بۆ پلاندانان و بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی رێکخراوەکە بەکاردەهێنرا.

لە راگەیەندراوێکی سوپادا هاتووە: سوپای ئیسرائیل رێگە نادات رێکخراوە تیرۆریستییەکان خۆیان لە ناوخۆی سوریادا جێگیر بکەن و دژی دەوڵەتی ئیسرائیل چالاکی ئەنجامبدەن.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: سوپا بەردەوام دەبێت لە کردنە ئامانجی رێکخراوە فەلەستینییەکان لە هەر شوێنێک کە پێویست بێت و بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل.

کەناڵی 12ی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە: “هێرشەکەی دیمەشق هاوکات بووە لەگەڵ راگەیاندنی دەستوور لە کۆشکی سەرۆکایەتی، کە ئەحمەد شەرع تیایدا ئامادە بووە و شوێنەکەشی دەکەوێتە نزیک ئەو ناوچەیەوە کە هێرشی کراوەتەسەر.

لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە، ئیسرائیل چەندین هێرشی بۆ سەر سوریا دەستپێکردووە، لەو ماوەیەدا زۆربەی تواناکانی سوپای سوریای لەناوبردووە.

لە نوێترین لێدوانیشیدا، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وتی: "ئێمە هێرشمان کردە سەر بارەگای جیهادی ئیسلامی لە ناودڵی دیمەشق دا... هەرکەسێک پلانی هەبێت لە هەر شوێنێکەوە هێرش بکاتە سەرمان، ئێمە هێرشی دەکەینە سەر."