سەرۆك كۆماری ئێران رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا رەت دەكاتەوە و كۆشكی سپیش جەخت لەوە دەكاتەوە تەنها بژاردەی، رێككەوتن یان هێرشی سەربازیی لەبەردەم ئێراندایە.

دوای ئەوەی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند لە ژێر هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئامادەنابن دانوستان و رێككەوتن لەگەڵ واشنتۆن بكەن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی  جەختی لەو بژاردانە كردەوە كە سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكان رایگەیاندبو.

كۆشكی سپی جەختی لەوە كردەوەتەوە كە تەنها بژاردەكانی دانوستان و جەنگ لەبەردەم ئێراندایە و ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی.

پێشتر پزشكیان وتبوی چونكە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی كردوە، ئامادە نییە دانوستانی لەگەڵ بكات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران داوای دانوستانی لەگەڵ وڵاتەكە كردبو و جەختیشی لەوە كردبوەوە كە ئەو وڵاتە دوو بژاردەی رێككەوتن و جەنگی لەبەردەمدایە و خامنەییش رەتی كردەوە.