ئەردۆغان: رێككەوتنی نێوان مەزڵوم كۆبانێ و ئەحمەد شەرع خزمەت بە ئاشتی ناوچەكە دەكات
لاوان
١١ی ئازاری ٢٠٢٥
سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، رێككەوتنی نێوان مەزڵوم كۆبانێ و ئەحمەد شەرع خزمەت بە ئاشتی ناوچەكە دەكات و براوە تێیدا گەلی سوریا دەبێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، بە گرنگییەوە لە یەكپارچەیی خاكی سوریا و پاراستنی پێكهاتەكانی و بەهێزكردنی یەكگرتوویی و یەكڕیزی دەڕوانن، هاوكات دەیانەوێت هاووڵاتییان لە سەرتاسەری ناوچەكە بەبێ جیاكاری ئایینی و تائیفی و نەتەوەیی، لە ئارامی و خۆشگوزەرانیدا بژین.
ئەوەشی خستەڕو، جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان ئیدارەی سوریا و هەسەدە و یەكخستنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا، خزمەت بە ئاشتی ناوچەكە دەكات و براوە تێیدا گەلی سوریا دەبێت.
هەروەها، لێپرسراوێكی باڵای توركیا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرایكردووە، ئەنقەرە بە وریاییەوە گەشبینە بەو رێككەوتنە، بەڵام پێداگرە لەسەر داماڵینی چەك لە كوردانی سوریا، هاوكات، رێككەوتنەكە هیچ گۆڕانكارییەكی لە ئیرادەی ئەنقەرەدا نەكردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.