وابڕیارە رۆژی دووشەممە 17ـی ئازار، وەفدی دەمپارتی سەردانی ئاک پارتی(حزبەکەی ئەردۆغان) بکەن و پێوەند بە پرسی ئاشتی و گفتوگۆکردن لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان کۆببنەوە.

توڵای هاتیمۆغوللاری و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی دەمپارتی، سەرۆکایەتی وەفدەکە دەکەن و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبەرچاو نییە سەبارەت بە وردەکارییەکان.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی ئانکا بڵاوی کردووەتەوە، 17ـی ئازار، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و وەفدی هاوڕێیان، لەگەڵ ئاک پارتی و مەهەپە(حزبەکەی دەوڵەت باخچەلی) کۆدەبنەوە و تاوتوێی پەیامەکەی ئۆجەلان دەکەن، سەبارەت بە پرسی ئاشتی لە تورکیا و چەکدانانی پەکەکە.

شایەنی ئاماژە پێدانە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە كۆبوونەوەی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا لە 26ی مانگی 11 ی 2024 وتی، "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت." دواتر وەفدی دەم پارتی لە 28ی مانگی 12 ی 2024 لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی كۆبوونەوە و پەیامێكیان بڵاوكردەوە و دوا بەدوای ئەوەش دیدار و پەیامەکان درێژەیان کێشا تا رۆژی 27ـی 2ـی 2025، وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا نوێترین پەیامی ئۆجەلانیان خوێندەوە کە تیایدا داوای چەکدانان لە پەکەکە دەکات و دەڵێت: سەردەمی ئاشتی و دیموکراتیە.