وەفدێكی حەماس بۆ گفتوگۆكردن لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە گەیشتە قاهیرە و بڕیارە سبەینێ لەوبارەیەوە، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای میسر زنجیرەیەك كۆبوونەوە ئەنجام بدات.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، وەفدەكەی بزووتنەوەی حەماس بە سەرۆكایەتی محەمەد دەروێش كە یەكێكە لە سەركردە باڵاكانی حەماس گەیشتوونەتە قاهیرە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە غەززە.

رۆژی 1ـی ئەم مانگە قۆناغی یەكەمی ئاگربەستی غەززە كۆتاییهات، ئیسرائیلیش لەو كاتەوە تا ئێستا رێگری دەكات هاوكارییە مرۆییەكان بگاتە خەڵكی غەززە، هەروەها رەتی دەكاتەوە قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەستپێبكات و زیاتر لە جارێكیش هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی شەڕی كردووە.

لەبەرانبەردا حەماسیش هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵیان رێكنەكەوێت، شەڕ دەستپێدەكەنەوە و ئەگەری كوشتنی بارمتەكانیش دەهێننە ئاراوە.