لازقیە... گروپێکی چەکدار هێرشیانکردە سەر سوپای سوریا
٦ی ئازاری ٢٠٢٥
گروپێكی چەكدار، كە بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، سەر بە رژێمی بەشار ئەسەدن، هێرشیان بۆ سەر هێزەكانی حكومەتی نوێی سوریا دەستپێكرد و لە پەلامارێكدا لە نزیك شاری جەبلە 19 كەس كوژران.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، گروپێكی چەكدار كە دەوترێت سەر بە رژێمی بەشار ئەسەدن لە نزیك گوندەكانی (بێت عانا و دالیە) لە دەوروبەری شاری جەبلەی سەر بە پارێزگای لازقیە لە رۆژئاوای سوریا، لە بۆسەیەكدا هێرشیان كردە سەر بازگەیەكی سەر بە بەڕێوەبەریەتی ئاسایشی گشتی و ئۆتۆمبێلی چەند هاوڵاتییەكی مەدەنی، بەهۆیەوە 19كەس لە هێزەكانی ئاسایش و هاووڵاتیانی مەدەنی كوژران.
هەروەها ئاسایشی گشتی سوریا رایگەیاند، دوای بەدواداچوون و چاودێریكردنی چڕ توانیویانە (لیوا ئیبراهیم حەویجە) سەرۆكی پیشووی دەزگای هەواڵگری ئاسمانی سوریا دەستگیر بكەن كە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی هێرشەكە و لە رابردووشدا چەندین كەیسی تیرۆری بۆ كراوەتەوە، لەوانە تیرۆركردنی (كەمال جومبلات) لە سەردەمی رژێمی حافز ئەسەددا.
وەزارەتی بەرگری سوریا راشیگەیاند، هێزێكی گەورەی پشتیوانیان بۆ ناوچەكە ناردووە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاساییكردنەوەی رەوشەكە.
لای خۆشییەوە، سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە؛ گرژی و ئاڵۆزییەکان لە سەر دەستگیرکردنی کەسێک لەلایەن ئاسایشەوە دروستبووە.