حەماس: ئیسرائیل دەیەوێت ئاگربەست تێکبدات
٣ی ئازاری ٢٠٢٥
ئوسامە حەمدان، بەرپرسی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، تاکە رێگە بۆ گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان، دەستبەجێ چوونە نێو قۆناغی دووەمی دانوستانەکانە.
حەمدان وتیشی: ئیسرائیل دەیەوێت شتەکان بگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە، و بنیامین ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی دەبێت بەرپرسیارێتی ئەمە هەڵبگرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داوا دەکەین رێگە بدرێت یارمەتییە مرۆییەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی هاووڵاتیانمان بچێتە ژوورەوە، هەروەها ئەو رەشبگیرییە ئیدانە دەکەین کە نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی وەک کارتی فشار، لەناوچەکە ئەنجامی دەدەن.
حەمدان جەختیشی کردەوە: پابەندین بە هەنگاونان بەرەو پێشەوە بۆ رێککەوتنەکە و هەنگاونان بۆ قۆناغی دووەم.
جێگەی ئاماژە پێدانە، ئیسرائیل دەیەوێت قۆناغی یەکەم درێژ بکاتەوە، حەماسیش پێداگری لەسەر دەستپێکردنی قۆناغی دووەم دەکات و دەڵێت: تا نەچینە قۆناغی دووەمی ئاگر بەست دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد ناکەین.



