باخچەلی: پەیامەکەی ئۆجەلان بەنرخ و گرنگە
١ی ئازاری ٢٠٢٥
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، یەکەم لێدوانی خۆی سەبارەت بە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لێدوانەکە کە لە ئیمراڵی نووسراوە و لە 27ـی شوباتی 2025 لەلایەن شاندی دەم پارتی بۆ رای گشتی خوێندراوەتەوە، سەرتاپای بەنرخ و گرنگە. سەرچاوەی داهات و وەبەرهێنانی ئەو کەسانەی لە هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەترسن بەزوویی وشک دەبێت و تورکیا بووژانەوەیەکی بێوێنە بەدی دەهێنێت."
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو لێدوانانەی لە قەندیلەوە هاتوون، تەواوکەری بانگەوازەکەی ئۆجەلانن و ئەمەش جێگای دڵخۆشییە.
باخچەلی لە پەیامەکەیدا تیشک دەخاتە سەر پەیامی پەکەکەو دەڵێت: "یەکبوونی هەڵوێستی سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان و پشتگیریکردنیان لە بانگەوازی 27ـی شوبات لەم قۆناخەدا سوودی هەموو کەسێکی تێدایە."
شایانی باسە، رۆژی 27ـی شوبات وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی بانگەوازی ئۆجەلانیان خوێندەوە کە تێیدا داوای لە پەکەکە کردووە "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".