ئیسرائیل سوپاکەی لە سوریا خستە ئامادە باشیەوە
رەوەز
١ی ئازاری ٢٠٢٥
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سوپاکەیان لە سوریا راسپارد کە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی سوریا لە گوندی دروزی جەرامەنای پارێزگای گوندەوار لە نزیک دیمەشق ئامادە بکەن.
بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلیەکان نوسینگەی ناتانیاهۆ لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ کاتز، رێنمایییان بۆ سوپا دەرکردووە بۆ ئەوەی خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەرگریکردن لە گوندی دروزەکانی جەرامەنای نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا، کە "لەژێر هێرشی سوپای محەمەد جولانی سەرۆکی سوریادایە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "رێگه نادەین زیان به دروزەکان بگات و ئەگەر سوپای سوریا زیان بە دروزەکان بگەیەنێت، ئێمەش زیان بەوان دەگەیەنینەوە و هێرشیان دەکەینەسەر".
ئەمڕۆ شەممە، هێزە ئەمنییەکانی سوریا هەڵمەتی ئەمنیان لە شاری جەڕامەنا دژ بە داواکراوەکانی ناو دەروزەکان دەستپێکرد و گرژی کەوتە نێوان هێزەکانی سوپاو دروزەکان و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا، سوپای سوریا رایگەیاند: ئەم روداوانە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و ئارامی سوریا و لە بەرژەوەندی سوریای نوێدا نین.
دروزەکان کێن؟
دروزەکان، هەروەها ناسراو بە موەحیدون، گروپێکی ئاینین و خۆیان وەک موسڵمان پێناسە ناکەن. ئەم گروپە لە سەرەتادا شیعەی ئیسماعیلی بوون بەڵام زۆر ئاین و بیروباوەڕ کاریگەری لەسەر ئاینی دروزەکان هەبووە، یەکێکیش لەوانە ئاینی زەردەشتی. زمانی دروزەکان عەرەبییە و خۆشیان لە رووی ئیتنییەوە لە عەرەب جیا نەکردۆتەوە، بەڵام لە رووی ئاینییەوە خۆیان لە ئیسلام جیادەکەنەوە. لە دەرەوەڕا هەندێک جار بە موسڵمان و هەندێک جاریش وەک ئاینێکی سەربەخۆ بینراون.