سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، لە جەنگێکی هەمەلایەنەدان لەگەڵ ئەمریکا و پێویستە بەرگەی لێکەوتەکانی بگرن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە جەنگێکی هەمەلایەنەدایە لەگەڵ ئەمریکا و دەبێت تاران بەرگەی لێکەوتەکانی بگرێت. ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی نێوەندگیر پێشنیازی راگرتنی هێرشەکانیان بۆ ماوەی 10 رۆژ کردووە.
سەرۆکایەتی کۆماری ئێران لە راگەیەنراوێکدا لە زاری پزیشکیانەوە بڵاویکردەوە: "راستییەکە ئەوەیە ئێران لە جەنگێکی هەمەلایەنەدایە"، ئاماژەی بەوەش کردووە: "دەبێت واقیعبین بین و لێکەوتە سروشتییەکانی ئەم بەرگرییە قبوڵ بکەین".
پزیشکیان لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لێپرسراوانی دەسەڵاتی دادوەری لە تاران رایگەیاند: "گرنگترین مەیدانی جەنگ لە ئێستادا، بریتییە لە ئابوری و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان". هۆشداریشی دا لەوەی کە ئەگەر فشارە ئابورییەکان ببنە هۆی دروستبوون و بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی، ئەوا رەنگە زیان بەو متمانە و پشتگیرییە گەورە جەماوەرییە بگات کە هاووڵاتییان بۆ دەوڵەتیان فەراهەم کردووە.
ئەم گەشەسەندنە لە کاتێکدایە کە بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە، رێژەی هەڵاوسان لە ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو خێرا بووە و گەیشتووەتە لوتکە کە نزیکەی %90 بووە لەسەر بنەمای ساڵانە، لە کاتێکدا هێشتا ئامارەکانی مانگی تەمموز بڵاو نەکراونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی ڕرۆیتەرزی راگەیاندووە، وڵاتانی نێوەندگیر پێشنیازی راگرتنی هێرشەکانیان بۆ ماوەی 10 رۆژ کردووە، بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە کاتییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا.
هاوکات، محەمەد باقر قاڵیباف، گەورە دانوستانکاری ئێران، رەخنەی توندی لە واشنتن گرت و رایگەیاند، ئەمریکا لە کاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەیەوێت جەنگ رابگرێت، کەچی بەردەوامە لە ناردنی کەرەستە و چەک و تەقەمەنی سەربازی نوێ بۆ ناوچەکە.