وەزارەتی تەندروستیی عیراق ئاماری کۆتایی روداوی دزەکردنی غازی ئامۆنیای لە کارگەیەکی پارێزگای بەسڕە راگەیاند و ئاشکرای کرد، بەهۆی روداوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 114 کەسی تریش بریندار بوون.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی: تەواوی برینداران فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ کراوە و خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێویستەکانیان پێشکەش کراوە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە: بە راسپاردە و بەدواداچوونی راستەوخۆی دکتۆر عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی، چاودێریی دۆخی برینداران دەکرێت.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستۆتە روو کە زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن ئاڕاستەی شوێنی روداوەکە کراون بۆ پێشکەشکردنی یارمەتیی سەرەتایی و گواستنەوەی برینداران بۆ مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان.
رونیشی کردەوە کە تاوەکو ئێستا 21 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە و بەسەر نەخۆشخانەکاندا دابەش بوون؛ 12 بریندار لە نەخۆشخانەی زوبێر، دوو بریندار لە نەخۆشخانەی سەیاب، و 7برینداریش لە نەخۆشخانەی کوەیتی.
وەزارەتی تەندروستی جەختی کردەوە: دۆخی تەندروستیی هەموو بریندارەکان جێگیرە بە بێجگە لە یەک دۆخ، و پرۆسەی پێشکەشکردنی چاودێریی پزیشکی و بەدواداچوون بۆ تەندروستیی برینداران بەردەوامە.