چالاکوانێکی کەیسی ئەنفال و جینۆساید رایگەیاند کە دوای بەدواداچوونێکی بەردەوام، شوێنی ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانیان لە سنوری پارێزگای کەرکوک دۆزیوەتەوە کە تا ئێستا بە شاراوەیی مابونەوە.
هێمن حەسیب، چالاکوانی کەیسی ئەنفال و جینۆساید، لە پەیجی تایبەتی خۆیدا بڵاوی کردەوە کە دوای سێ مانگ لە بەدواداچوونی بەردەوام، ئەمڕۆ هەینی، توانیویانە گۆڕستانێک لە کەرکوک بدۆزنەوە کە روفاتی ژمارەیەک لە ئەنفالکراوانی تێدا نێژراوە.
ئەو چالاکوانە ئاشکرای کردوە کە گۆڕستانەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی دوورەدەست لە دەوروبەری گوندی تۆپزاوە و نزیکەی 100دۆنم زەوی پێکهێناوە. زیاتر لە هەزار گۆڕی تێدایە کە هەمویان بەبێ کێلن و بە ئەستەم دیارە کە گۆڕن.
هێمن حەسیب ئاشکراشی کردووە کە بەپێی بەدواداچونەکانیان، نزیکەی ٪80ـی گۆڕەکانی ئەو گۆڕستانە، گۆڕی روفاتی ئازیزانی ئەنفالکراوانن و بەپێی بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعس، ٪100 بۆیان پشتڕاست بوەتەوە.
چالاکوانەکە رایگەیاندووە کە سبەی شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، زانیاریی تەواو لەسەر ژمارە و شوێنی ناشتنی روفاتەکان و بەڵگەکانی رژێمی بەعس و چەندین زانیاریی گرنگی دیکە دەخەنە رو، دواتریش سەردانی شوێنی گۆڕەکان دەکەن.