بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە کەمکردنەوەی تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت دەکەن و رایدەگەیەنێت، وەزارەتی ناوخۆی عیراق هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیەی نەداوە.
عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندنەوە سەبارەت بە کەمکردنەوەی تێچووی پاسپۆرت بڵاوکراونەتەوە، هیچ بنەمایەکی راستییان نییە.
جەختیشی کردەوە، نرخەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و هیچ بڕیارێکی نوێ لە بەغداوە دەرنەچووە.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی جەختیشی کردەوە، ماوەی سێ ساڵە تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت بە 91 هەزار دینار جێگیر کراوە، ئەم نرخەش پەیوەندی بە گرێبەستێکی 10 ساڵەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە هەیە.
عەمید سالار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکومەت بیەوێت نرخەکە کەم بکاتەوە، دەبێت بۆ حەوت ساڵی داهاتووی ماوەی گرێبەستەکە، قەرەبوویەکی دارایی گەورەی ئەو کۆمپانیایە بکاتەوە، ئەمەش وادەکات کەمکردنەوەی نرخەکە لە ئێستادا کارێکی یەکجار قورس بێت، چونکە بەغداد هیچ ئامادەکارییەکی بۆ گرتنە ئەستۆی تێچووی ئەو قەرەبووە نەکردووە.
سەبارەت بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، عەمید سالار عەبدوڵا ئاشکرایکرد، ئەوەی وتراوە تەنیا پێشنیازی پەرلەمانتارێک بووە بۆ حکومەت، نەک پڕۆژەیاسا یان بڕیارێکی رەسمی.
جێگەی ئاماژەیە، پێشتر پەرلەمانتارێکی عیراق رایگەیاندبوو، تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت تەنیا 10 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت و هەوڵ دەدەن بڕی ئەو پارەیە کەم بکرێتەوە کە لە هاووڵاتییان وەردەگرێت.