وەزیری بەرگری عیراق پێشبینی دەكات لە مانگی ئەیلولدا چەند بنكەیەكی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراقەوە بگوازرێنەوە بۆ هەرێم و جەختیشی كردەوە حكومەتی عیراق رێگە نادات لە هیچ لایەنێكەوە هێزەكانی هاوپەیمانان لە وڵاتەكە بەئامانج بگیرێن.
سابت عەباسی وەزیری بەرگری عیراق رایگەیاند، حكومەتی عیراق رێگە بە هیچ هەڕشەیەك نادات بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە ئەركدان، چونكە مانەوەیان لە عیراق لە ئێستادا گرنگ و پێویستە.
وتیشی، تا ئێستا هیچ ئاگادارییەكیان سەبارەت بە گۆڕانكاری لە وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق پێنەگەیشتووە، پێشبینیش دەكرێت لە كۆتایی مانگی ئەیلولدا چەند بنكەیەكی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق چۆڵ بكرێن و بگوازرێنەوە بۆ هەرێم.
سەبارەت بە رەوشی سوریاش ئاماژەی بەوەكرد، بەو پێیەی هێشتا مەترسیەكانی كەمپی هۆل بۆ سەر عیراق بەردەوامە و شانە نوستوەكان و هەڕەشەكانی داعش لە ناوچەكە ماون، مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا پێویستە.