پشکی هەرێم لە بودجەی 2027ـی عیراق بە 12.7% دیاریکرا
ساکۆ سمکۆ
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وتەبێژی حکومەتی عیراق ئاشکرایکرد، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بە رێژەی 12.7% جێگیر کراوە و خاڵە ناکۆکەکانیش بریتین لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان و رۆژی سێشەممەی داهاتووش کۆبوونەوەی گفتوگۆی نیشتمانی بۆ تاوتوێکردنی دۆسێیە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بەڕێوەدەچێت.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بە رێژەی 12.7% جێگیر کراوە، لە کاتێکدا خاڵە ناکۆکەکان بریتین لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان کە پێویستە حکومەتی هەرێم رادەستی گەنجینەی دەوڵەتیان بکات.
هاوکات، وتەبێژی حکومەتی عیراق جەختی لەوەش کردەوە، رۆژی سێشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی گفتوگۆی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بانگهێشتی بۆ کردووە، سازدەکرێت و تێیدا تاوتوێی دۆسێیە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
عەبودی ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆبوونەوەی گفتوگۆی نیشتمانی کە بە دەستپێشخەریی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری سازدەکرێت، پشت بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەبەستێت.



