وەزیری نەوتی عیراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عیراق – تورکیاوە بە تێکڕای 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دەستی پێکردووەتەوە و لە رۆژانی داهاتووشدا بۆ 500 هەزار بەرمیل بەرز دەکرێتەوە.

باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، لە ئێستادا لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی نەوتی جیهانی، لەوانە 'شێڤرۆن' و 'ئێکسۆن مۆبیل' لە گفتوگۆدان بە مەبەستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکوک.

وتیشی: لەگەڵ کۆمپانیای بی پی (BP)ـی بەریتانی بەرنامەمان داڕشتووە تا لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنان بەرزتر بکەینەوە و پێویستیشە هەلی کار بۆ دانیشتووانی کەرکوک بڕەخسێندرێت و خزمەتگوزاری پێشکەش بە شارەکە بکات.

دەربارەی هەناردەکردنی نەوت و پشکی عیراق لە بازاڕە جیهانییەکاندا، روونیکردەوە، لە ئێستادا لە رێگەی بۆریی نەوتی عیراق – تورکیاوە رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەدەکرێت و لە رۆژانی داهاتووشدا ئەو بڕە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەکەنەوە.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەگەڵ رێکخراوی ئۆپێک 'OPEC' لە گفتوگۆدان بۆ زیادکردنی پشکی عیراق.

ئەوەشی ئاشکراکرد: لەگەڵ حکومەتی هەرێم قسەمان کردووە کە ناکرێت یەک لیتر نەوت بەهەدەر بدرێت، چونکە ئەوە سامانی گشتییە.

جەختیشی کردەوە، کە لە چاوەڕوانیی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەی ئەمنی و دادگادان دەربارەی پرسی بەقاچاخبردنی نەوت و هەر کەسێک لەو دۆسێیەدا تۆمەتبار بێت، رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.