وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی داهاتوو دیالۆگی نیشتمانی دەستپێدەكات و جەختیشیكردەوە بەهەماهەنگی هەرێم سوپا دەچێتە سنورەكان.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، سێشەممەی داهاتوو وادەی بەڕێوەچوونی دیالۆگی نیشتیمانییە، كە دەستپێكی قۆناغێكی راشكاو دەبێت و چیتر چارەسەركردنی كێشەكان دواناخرێن.

عەبودی راشیگەیاند، حكومەت جیاوازی دەكات لە نێوان گەلی كوردستان و هەڵسوكەوتە سیاسییەكان و رێكارەكانی جێبەجێكردنی دەستوریش هەڕەشە نین بۆسەر هاووڵاتیان هەرێمی كوردستان یان حكومەتەكەی، چونكە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە.

جەختیشیكردەوە، جێگیركردنی سوپاش لەسەر سنورەكان بەهەماهەنگی دەبێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان و  سوپا ناچێتەناو شارەكان.

وتەبێژی حكومەتی عیراق راشیگەیاند، راپۆرتی دەزگای هەواڵگری بوونی قاچاخچێتیی نەوتی سەلماندووە و بڕی نەوتی بەقاچاخبراویش دەگاتە نزیكەی 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.