وەزارەتی بەرگریی عیراق رایگەیاند، لە رێگەی وڵاتی كۆریاوە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ وڵات دابین دەكەن و لە ماوەی داهاتوودا ئەو سیستمانە دەگاتە عیراق.

یەحیا رەسول، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عیراق رایگەیاند، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان گرنگییەكی زۆر بە تەواوكردنی تواناكانی بەرگریی ئاسمانی وڵات دەدات.

وتیشی، وەزیری بەرگری و سەرۆكی ئەركانی سوپا هەوڵ دەدەن لە رێگەی گرێبەستەكانەوە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەهێزبكەن و لە ماوەكانی داهاتوویشدا سیستمی بەرگری كۆریی دەگاتە خاكی عیراق.

دەشڵێت، رێنمایی رون دانراوە سەبارەت بە پاراستنی پێگە سەروەری و ئابورییەكان لە رێگەی بەرگریی ئاسمانییەوە و مەشقە سەربازییەكانیش بە شێوەیەكی بەردەوام ئەنجام دەدرێن بۆ بەرزكردنەوەی توانا سەربازییەكان.

راشیگەیاند، عیراق توانایەكی باشی لە بواری بەرگرییدا هەیە و كار دەكات بۆ بەرگریكردن لە سەروەری ئاسمان و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی.