حەیدەر عەبودی: پاراستنی بۆرییە نەوتییەكان لە ئەستۆی حكومەتدایە
ئاکام
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆك وەزیرانی عیراق پارێزگارەكانی راسپاردووە بۆ دەستنیشانكردنی زیادەڕەویەكانی سەر هێڵی بۆرییە نەوتییەكان و پاراستنی بۆرییەكانیشی خستووەتە ئەستۆیان.
حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، عەلی زەیدی سەرۆكی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، سەرجەم پارێزگارەكانی عیراقی راسپاردووە بۆ دیاریكردنی هەموو ئەو زیادەڕەوییانەی لەسەر بۆرییەكانی نەوت لە ناوچەكانی نیشتەجێبوون و دروستكردنی خانووش لە نزیكیان قەدەغە بكرێت.
وتیشی، پاراستنی هێڵی بۆرییەكانی نەوت لە ئەستۆی حكومەتدایە و ئەوەش تەنها لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا قەتیس نابێت، بەڵكو هەموو ناوچەكان دەگرێتەوە.
وتەبێژی حكومەتی عیراق راشیگەیاند، دەزگا ئەمنییەكان راسپێردراون بۆ بەدواداچوونی هەموو گومانەكانی پەیوەست بە قاچاخچێتیی نەوت بۆئەوەی زانیاری ورد كۆبكەنەوە.
عەبودی دەشڵێت، ئەو كەسایەتییانەی لە قاچاخچێتیی نەوتدا تێوەگلاون دەستگیر دەكرێن و ئەو دۆسێیەش رەوانەی دادگا كراوە.



