پۆلیسی وزە لە هەر 500 مەترێك خاڵێكی چاودێریی لە جورف سەخر داناوە
ئاکام
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
جێگیركردنی سوپا و پۆلیسی وزە لە ناوچەی جورف سەخر كۆتایی هاتووە و تەنها سەنتەری ناحیەكەش ناگرێتەوە، بەڵكو دەوروبەری ناحیەكە و ناوچە بیابانەكانیش دەگرێتەوە.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند، پۆلیسی وزە بە تەواوی بڵاوەی پێكراوە و بۆرییە نەوتییەكان لە جورف سەخر دەپارێزن و بەشێكی زۆری پۆلیسی فیدراڵی و بەشێكی كەمی حەشدی شەعبیش لە ناحیەكەدا جێگیركراون.
دەشڵێت، بەپێی پلانێكی نوێ بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنییەكان تەنها سەنتەری جورف سەخر ناگرێتەوە، بەڵكو دەوروبەری و ناوچە بیابانییەكان و ئەو ناوچانەشی فەرامۆشكراون دەگرێتەوە بۆئەوەی تەواوی ناوچەكە كۆنترۆڵ بكرێت.
حامید حسێنی فەرماندەی پۆلیسی وزەی عیراقیش رایگەیاند، درێژیی بۆریە نەوتییەی پۆلیسی وزە ئەركی پاراستنی لەئەستۆ دەگرێت 100 كیلۆمەترە، كە 95 كیلۆمەتری پارێزراوە و پێنج كیلۆمەترەكەی تریش دەكەوێتە ناوچەی جورف سەخر.
دەشڵێت، لە چوارچێوەی ئەركەكەدا هێزەكانیان 12 خاڵی ئەمنییان دروستكردووە، بە جۆرێكە بۆ هەر 500 مەترێك خاڵێكی چاودێرییان داناوە.



