وەزیری نەوتی عیراق دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی لە رێگەی بۆریی نەوتی عیراق - توركیاوە راگەیاند و رۆژانە 120 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بەندەری جەیهان دەكەن.

باسم محەمەد خزەیر وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، دەستیان كردوەتەوە بە گەڕخستنی بۆریی نەوتی عیراق – توركیا و رۆژانە 120 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بەندەری جەیهان دەكەن. 

وتیشی، دوای تەواوبوونی سەركەوتووانەی كارەكانی چاكسازی نۆژەنكردنەوە و پشكنینە تەكنیكیەكان لەلایەن تیمەكانی وەزارەتەوە بۆرییەكە كێشەی نەماوە و ئامانجیانە ئاستی هەناردەكردن لەو بۆرییەوە بگەیەننە 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

دەشڵێت، ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنرێت بۆ بەهێزكردنی توانای هەناردەكردنی عیراق و هەمەجۆركردنی هەناردەكردنی نەوت و داهات زیاتر دەكات لە رێگەی دەروازەی باكوورەوە و داشكاندنیش بۆ نرخەكەی ناكرێت.