راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق: زەیدی پاشگەزنابێتەوە لە كۆنتڕۆڵكردنی جورف سەخر
ئاکام
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، زەیدی پاشگەزنابێتەوە لە كۆنترۆڵكردنی جورف سەخر ئەگەر قوربانی و زیانەكان هەر چەندێك بن.
عەبدولئەمیر تعێبان راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، زەیدی بە پشتیوانی تەواوی حكومەت و گەلی عیراق پێداگرە لەسەر دانانی سنورێك بۆ ئەو پشێوییەی لە چەند ناوچەیەكدا تەشەنەی سەندووە لەنێویاندا جورف سەخر كە یەكێكە لەو ناوچانەی لە دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەتدایە.
وتیشی، هێزە ئەمنییەكان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان پێداگرن لەسەر دانانی سنورێك بۆ چۆڵكردنی جورف سەخر و هیچ پاشگەزبوونەوەیەكیش لەو بڕیارە نییە، چونكە زەیدی دەیەوێت كۆتایی بە دۆسێی بەهەدەردانی سامانی گشتیی بهێنێت بۆ ئەو مەبەستەش بەلایەوە گرنگ نییە قوربانی و زیانەكانی ئەو هەنگاوە هەر چەندێك بن.
تعێبان هۆشداریشیدایە حزبوڵای عیراق روبەڕوی هێزە ئەمنییەكان نەبنەوە و وتی، هەر دەستدرێژییەك بۆسەر ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان بە دەستدرێژیی راستەوخۆ بۆ سەر تەواوی گەلی عیراق دادەنرێت.


