رۆیتەرز: عیراق بە تانکەر و لە رێگەی سوریاوە نەوت هەناردەی جیهان دەکات
بڵند
١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، عیراق بە مەبەستی دۆزینەوەی رێڕەوی جێگرەوە دوای پەککەوتنی گەروی هورمز بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، رێڕەوی وشکانیی بەرەو بەندەری بانیاسی سوریا زیندوو دەکاتەوە کە بۆ چەندین دەیە بوو بەکارنەدەهێنرا.
ئاژانسی رۆیتەرز، بڵاویکردوەتەوە، ئەم هەنگاوەی عیراق دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ناوخۆی سوریا جارێکی دیکە بوەتەوە جێی بایەخ سەرەڕای بەرزیی تێچووی گواستنەوەکە.
باسم عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، گروپی وزەی قەتەری (UCC) لەژێر گرێبەستێکدا لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ، لە مانگی رابردووەوە رۆژانە 120 تا 150 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی باشورەوە بە سەدان تانکەر دەگوازێتەوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست.
بەپێی بەڵگەنامە و سەرچاوەکان، ئەم گرێبەستە لە 14ـی تشرینی یەکەمەوە بۆ ماوەی سێ مانگە و بڕی 5 بۆ 14ملیۆن بەرمیل نەوت دەگرێتەوە، کە دواتر لە بەندەری بانیاسەوە رەوانەی پاڵاوگەکانی یۆنان، ئیتاڵیا و تورکیا دەکرێت.



