سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق: گروپە چەكدارەكان لە ناسنامەی پێشوویان دادەماڵدرێن
هەساو ئەمیر
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
حكومەتی عیراق بەردەوامە لە رێكارەكان بۆ كۆتایی هێنان بە دۆسیەی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت و تا ئێستاش سێ گروپی چەكدار چەكەكانیان بە تەواوەتی رادەستی دەوڵەت كردووە.
باسم بەدری، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق ، لە كۆڕبەندێكی پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەن ڕایگەیاند، پلانی حكومەت بۆ ڕێكخستنەوەی چەك بریتییە لە پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان گروپە چەكدارەكان و ئەو لایەنانەی پێشتر فەرمانیان لێوەرگرتوون و تەواوی گروپە چەكدارەكانیش دەخرێنە دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە و بە تەواوی لە ناسنامەی پێشوویان دادەماڵدرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو گروپانەی چەكەكانیان رادەستی نەكەن، هیچ پێگەیەكیان لەناو حەشدی شەعبیدا نابێت.
لای خۆیەوە، قاسم عەبودی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق باسی لەوەكرد، كۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو دوامۆڵەتی كۆتایی هاتنی ئەم دۆسیەیەیە. ئاشكراشی كرد، تا ئێستا پێنج گروپی چەكدار رێككەوتنیان ئیمزا كردووە، كە سێ لەوان چەكەكانیان بە تەواوی رادەستی دەوڵەت كردووە و گفتوگۆ لەگەڵ دوو گروپە چەكدارەكەی تریشدا بەردەوامە.



