16 ساڵ پێش ئێستا سەرۆک مام جەلال بە سەرۆک کۆماری عیراق هەڵبژێردرایەوە
ئوسامە ئەبوبەکر
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆك مام جەلال لە 6ی نیسانی 2005 دوای هەڵبژاردنی لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی عیراقەوە پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقی پێدرا و لە 11-11-2010 بەزۆرینەی دەنگ جارێكی دیكە بە سەرۆك كۆمار بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرایەوە.
بە هەڵبژاردنەوەشی سەرۆك مام جەلال بووە یەكەم سیاسی كورد لەمێژووی عیراقدا كە پۆستی سەرۆكی وڵات لەئەستۆ بگرێت، هەروەها یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەمێژووی ئەو وڵاتەدا لەبیستەكانی سەدەی رابردوودا و یەكەم سەرۆك كۆماری عیراقە كە لەژێر دەستوری نوێی عیراقدا هەڵبژێردرابێت.
سەرۆک مام جەلال، كوڕی حسامەدین كوڕی نورەڵڵای تاڵەبانی رێكەوتنی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 1933 لەگوندی كلكانی بناری چیای كۆسرەت لەدایك بووە سەرەتای منداڵی هەر لەو گوندە دەبێت، پاشان باوكی دەبێتە رێبەری تەكیەی تاڵەبانی لەكۆیە لەماڵەوە دەچنە ئەوێ و خوێندنی سەرەتای لەو شارە تەواو دەكات، قۆناغی ئامادەی لەكەركوك و هەولێر تەواو دەكات.
مام جەلال لەتەمەنی لاوێتیدا تێكەڵی كاری سیاسی دەبێت، لەمانگی شوباتی ساڵی 1953 سەرپەرشتی سازدانی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیان دەبێت و هەر لەو كۆنگرەیەدا بەسكرتێری گشتی ئەو رێكخراوە هەڵدەبژێردرێت و هەر لەهەمان ساڵدا دەبێتە یەكێك لەدامەزرێنەرانی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ساڵانی 1953 بۆ 1955 دەبێتە سكرتێری لاوانی دیموكرات، ساڵی 1959 كۆلێژی یاسا لەبەغدا تەواو دەكات.
سەرۆك مام جەلال لە18ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2012 لەبەغداد رەوشی تەندروستی ناجێگیر بوو، لەدوای ئەو نەخۆشكەوتنەی مام جەلال عیراق و گەلەكەی رووبەڕوی كێشەی گەورە بوونەوە، تەنانەت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عیراق بەتەواوی تێكچوو، تا دواتر لە 3-10-2017 سەرۆك مام جەلال لەنەخۆشخانەیەكی شاری بەرلینی ئەڵمانیا دڵە گەورەكەی لەلێدان كەوت.


