جێگری سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ کاروباری ئابوری دەڵێت؛ نرخی دۆلار لە بازاڕدا بە شێوەیەکی بەرچاوە دادەبەزێت و زۆر نزیک دەبێتەوە لە نرخی رەسمی.

محەمەد تەمیم جێگری سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ کاروباری ئابوری رایگەیاند، پەیوەندییەکانی حکومەتی عیراق لەگەڵ ئەمریکادا لەسەر بنەمای بەهێز و متمانە دامەزراون، ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو مانگی رابردوودا ئەمریکا رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ناردنی سێ ملیار دۆلاری کاش بۆ عیراق.

جەختیشیکردەوە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەشێکی دۆلارەکە گەیشتووەتە عیراق و سبەینێش بەشێکی تر بە بەهای زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار دەگاتە عیراق.

جێگری سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەو رێوشوێنانەی لەلایەن حکومەت و بڕیاری بانکی ناوەندییەوە دەگیرێنەبەر، لەگەڵ خستنەڕووی ئەو بڕە زیادەیەی دۆلار لە بازاڕدا، دەبنە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار و نزیکبوونەوەی لە نرخی رەسمی، یان تەنانەت یەکسانبوونی وەک ئەوەی لە هەندێک لە وڵاتانی دراوسێدا هەیە.