وەزارەتی نەوتی عیراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی بەرفراوانبوونی پرۆژەکان و پلانەکانی دەوڵەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، کەرتی نەوت پێویستی بەپەلەی بە دامەزراندنی دەرچووانی پەیمانگەکانی نەوت هەیە.

وەزارەتی نەوتی عیراق، راگەیەنراوێکی سەبارەت بە پرسی دامەزراندنی دەرچووانی پەیمانگەکانی نەوت بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر رۆشنایی داواکارییەکانی کار و بەرفراوانبوونی بەردەوامی پرۆژەکان و پلانی حکومەت بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و پەرەپێدانی کەرتەکەیان، پێویستی بەپەلەیان بە دامەزراندنی دەرچووانی پەیمانگەکانی نەوت هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەرچووانی پەیمانگەکانی نەوت کۆڵەکەیەکی سەرەکین بۆ دابینکردنی کەسانی پسپۆڕی راهێنراو بۆ دامەزراوە نەوتییەکان، بەهۆی ئەوەی ئەو زانیاریی و لێهاتووییەی هەیانە بە تەواوی لەگەڵ سروشتی کارکردن لە کێڵگە، پاڵاوگە و دامەزراوە جیاوازەکانی نەوتدا دەگونجێت.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عیراق بە هەوڵێکی چڕ و لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، کاردەکات بۆ ئەوەی "پێداویستییە وەزیفییەکان"ـی کەرتی نەوت لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی ساڵانی داهاتوودا جێگیر بکرێن، تاوەکو بەپێی پێداویستییە کردارییەکان و تەرخانکراوە داراییە بەردەستەکان، پرسی دامەزراندنی دەرچووان چارەسەر بکرێت.