بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی 10ـی 2026 نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەبارەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ئەم هەنگاوە وەک دووپاتکردنەوەیەکە لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە یاسا.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە: عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ مستەفا دعێر عەبدولحەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان بکرێت، لەسەر ئەو لێدوانانەی رۆژی یەکشەممە دابوونی.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان لە لێدوانەکانیدا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر دەروازەی سنووریی 'ئەلشەیب' نەکرێتەوە رەوشی یاخیبوون رادەگەیەنن و سەرباری ئەوەش، چەند دەستەواژەیەکی نەشیاویشی بەکارهێناوە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە وەک دووپاتکردنەوەیەکە لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە یاسا و گرتنەبەری رێکارە دەستوریی و کارگێڕییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکان و دیاریکردنی بەرپرسیارێتیی یاساییش لەسەر لێدوانەکان، بۆ لایەنە پەیوەندیدار و دادوەرییەکان جێهێڵراوە.