سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، جارێکی تر رێگە نادەن کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بێنە ناو کەنداوەوە.

عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند،  جارێکی تر ناهێڵن کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بچنە ناو کەنداوەوە.

وتیشی، "سەرۆکی ئەمریکا لە خەونیشدا نایبینێت کە سەربازەکان و سوپاکەیان جارێکی تر بێنە ناو کەنداوەوە، بەو ئاواتەشەوە دەچنە ژێر گڵەوە".

دوێنێش فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، ئەمریکییەکان 600 بۆ 700 کیلۆمتر لە گەروی هورمز دوورکەوتوونەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بە هەواڵی درۆ و هەڵبەستراو سەبارەت بە تەقینەوەی مین و هێرش کردنە سەر کەشتییەکان لە گەروی هورمز، هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ تا پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس ئەمریکا نرخی نەوت بەرز بکاتەوە.