میدیا عیراقییەکان: عیراق دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ ئێران دادەخات
بڵند
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
عیراق پلان بۆ داخستنی تەواوی دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ ئێران دادەنێت و بانگەشەی ئەوەدەکرێت بڕیارەکە لەسەر خواستی ئەمریکایە.
بەپێی راپۆرتی میدیاکان، دەسەڵاتدارانی عیراق دەستیان کردووە بە داخستنی تەواوەتیی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە شێوەیەک کە سەرەتا بە دەروازەی شەیب پلانەکە دەستی پێکردوە و لە ئێستادا ئەو دەروازەیە بە تەواوی داخراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بەغداد بەرەو داخستنی زیاتری دەروازە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات هەنگاو دەنێت.
ئاژانسی میهریی ئێرانیش لای خۆیەوە زانیارییەکانی پشتڕاستکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، تەنها دوو دەروازە لەگەڵ عیراقدا بە کراوەیی دەمێننەوە و ئەوانیتر دادەخرێن.
هاوکات سەرچاوەکان ئەوەیان خستوەتەڕوو، کە ئەم بڕیارەی عیراق لەسەر داوایەکی ئەمریکا و لە چوارچێوەی پلانی گەمارۆدان و تێکشکاندنی ئابوریی ئێراندا دراوە.



