بانکی ناوەندی عیراق: دابینکردنی دۆلار بۆ هاوردەکردن بەردەوام دەبێت
سەوسەن سەید
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بانکی ناوەندیی عیراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرجەم داواکارییەکانی حەواڵەکردنی پارە بۆ مەبەستی هاوردەکردن، کە پێش دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ لە رێککەوتی 7ی تشرینی دووەمی 2026 راگیرابوون و مەرج و رێنماییەکانیان تێدا بوو، جێبەجێ کراون و وەڵام دراونەتەوە.
بانکی ناوەندی داوای لەو بازرگان و کۆمپانیایانە کرد کە ئەم داواکارییانە دەیانگرێتەوە، سەردانی بانکەکانیان بکەن بۆ دڵنیاوبوونەوە لە جێبەجێکردنی حەواڵە دەرەکییەکانیان.
هەروەها جەختی کردەوە لەوەی لە حالەتێکدا ئەگەر جێبەجێکردنی هەر حەواڵەیەک بێ هۆکار دواکەوت، یان بە پێچەوانەی رێنماییەکان داوای پارەی زیادەیان لێکرا، دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی سکاڵاکانی بانکی ناوەندییەوە سکاڵا تۆمار بکەن، تاوەکو بانکی ناوەندی رێکاری پێویست بەرانبەر بانکە سەرپێچیکارەکان بگرێتە بەر.
لە کۆتاییدا بانکی ناوەندی جەختی لە بەردەوامبوونی چاودێریکردنی بانکەکان کردەوە بۆ پابەندبوونیان بە رێنماییەکان، و بەڵێنی بە بازرگانان و هاووڵاتییان دا کە دابینکردنی دراوی بیانی و تەمویلکردنی هاوردەکردن بە شێوەیەکی بەردەوام و ئاسایی بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی پاراستنی بزووتنەوەی بازرگانی و دابینکردنی کەلوپەل لە بازاڕەکانی ناوخۆدا.




