بانکی ناوەندیی عیراق سیستمێکی ئەلکترۆنی بۆ گۆڕینەوەی پارەی دراو رادەگەیەنێت
ساکۆ سمکۆ
١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بانکی ناوەندیی عیراق، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: لەپێناو ئاسانکاریکردن و خزمەتکردنی هاووڵاتیانی عیراق سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بۆ گۆڕینەوەی پارەی دڕاو بەگەڕخستووە.
بانکی ناوەندیی عیراق رایگەیاند، سیستمێکی ئەلکترۆنیان بۆ گۆڕینەوەی پارەی دڕاو دروستکردووە و ئامانجیش لەم کارە، ئاسانکاریکردنە بۆ هاووڵاتیان لە گۆڕینەوەی پارە دڕاو و شێواوەکانیان بە شێوەیەکی خێراتر و رێکخراوتر.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەم سیستەمە رێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی 'ئور'ـەوە داواکاریی گۆڕینەوەی دراوە تێکچووەکانیان پێشکەش بکەن، ئەوەش لە رێگەی تۆمارکردنی ئەو زانیارییانەی لێیان داوادەکرێت، دوابەدوای تۆمارکردنی زانیارییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بانکی ناوەندیی عیراق رێکارە پێویستەکان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکە ئەنجامدەدەن.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، بەگەڕخستن و چالاک کردنی ئەم خزمەتگوزارییە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی بانکی ناوەندییە بەرەو بەدیجیتاڵکردن و پەرەپێدانی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی کات و ماندووبوون و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە بانکییەکان.



