حوسییەكان هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەكانی بۆسەر فڕۆكەخانە و كێڵگە نەوتییەكانی سعودیە دەكات و داوای چۆڵكردنی چەند شوێنێكی ئەو وڵاتەش دەكات.

یەحیا سەریع, وتەبێژی سەربازیی حوسییەكان لە راگەیەنردراوێكدا كە لە پلاتفۆڕمی ئێكس بڵاویكردووەتەوە، نووسویەتی، لە رۆژانی داهاتوودا هێرشەكانیان بۆسەر فڕۆكەخانە و دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە دەستپێدەكەنەوە و بەردەوامیش دەبن.

هۆشداریی دایە كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریایی و سەرجەم كارمەندانی مەدەنی لەو ناوچانە و داوای لێكردوون دەستبەجێ فڕۆكەخانە و دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە چۆڵ بكەن، بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن.

ئەو لێدوان و هەڕەشانە دوای ئەوە دێن، لە رۆژی سێ شەممەوە، ئاڵۆزییەكانی نێوان سعودیە و حوسییەكان چڕتربووەتەوە و هێرشی مووشەكیی و درۆنییان بۆسەر یەكتر دەستپێكردەوە.