سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كاندیدانی پۆستە وزارییە بەتاڵەكان گەیشتنە رێككەوتن و سەرۆك وەزیرانی عیراقیش پێشنیازیكردووە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بە كاندیدەكان بدرێت.

بەپێی نوسراوێك كە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردوە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق ، داوای  كردوە وادەیەك بۆدانیشتنێكی تایبەت بە دەنگدان بە تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی حكومەت دیاریبكرێت و  پێشنیازیشیكردوە دانیشتنەكە لەرۆژی پێنج شەممەدا بەرێوەبچێت

سەرۆك وەزیرانی عیراق لە نوسراوەكەدا ئاماژەی بەوەداوە رایگەیاندووە، جێگرانی سەرۆك وەزیرانی عیراق هیچ موچە و شایستەیەكی داراییان نابێت و دامەزراندنی نوێش بۆ نووسینگەكانیان ناكرێت.

سەرچاوەیەكی باڵاش لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كاندیدانی پۆستە وزارییە بەتاڵەكان گەیشتوونەتە رێككەوتن و لە ئایندەیەكی نزیكدا ناوی كاندیدەكان دەچێتە ئەنجومەنی نوێنەران.

هاوکات، ئەمشەو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی بۆ دەنگدان لەسەر تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکومەت دیاریکرد.