سودانی: خاڵە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هەرێم زیاترن لە ناکۆکییەکان
سەوسەن سەید
١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عیراق، لەمیانی بەشدارییکردنی لە دیداری مێری 2026 لەبارەی ئاییندەی حوکمڕانی ورەوشی ئەمنیی عیراق، زنجیرەیەک هەڵوێستی گرنگی خستەڕوو و رایگەیاند، لەم قۆناغەدا پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات لە سەرووی هەموو کارە ئۆپراسیۆنی و سیاسییەکانەوەیە.
سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئاڵۆزی و جەنگەکانی ناوچەکە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر عیراق هەبووە، بەوپێیەی تەواوی وڵاتانی ناوچەکە تووشی گرفتی ئەمنی بوونەتەوە. جەختیشی کردەوە: بەکارهێنانی خاکی عیراق بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بە تەواوی قبوڵنەکراوە.
سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و سەربازیی وڵات، سەرۆک وەزیران باسی لەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکانی عیراق توانای تەواویان هەیە بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر، بەڵام لە هەمان کاتدا عیراق هێشتا پێویستی بە هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیە.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، سودانی تیشکی خستە سەر پرسی گرووپە چەکدارەکان و رایگەیاند: پێشهاتەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی چەکداماڵینی گرووپەکان دروستکردووە، ئاماژەی بەوەش دا کە رێکخستنەوەی ریزەکانی حەشدی شەعبی و دەرکردنی یاسای خانەنشینی بۆ ئەندامانی، هەنگاوێکی سەرەکی و گرنگە بەرەو چەسەپاندنی سەروەریی یاسا و ڕێکخستنی چەک.
سودانی هۆشداریشی دا لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بە "گەورەترین هەڕەشە" بۆ سەر داهاتووی عیراق وەسفی کرد.
لە بارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، سودانی گەشبینی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: خاڵە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد گەلێک زیاترن لە خاڵە ناکۆکەکان، جەختیشی کردەوە کە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان تەنها لە رێگەی پابەندبوون بە دەستوور و یاساکانەوە دەبێت، چونکە رێککەوتنی کاتی و پینەوپەڕۆکردن ناکۆکییەکان چارەسەر ناکات.
لە کۆتاییدا و لە رووی ئابوورییەوە، سودانی ئاماژەی بە پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" کرد و وەک وەچەرخانێکی ستراتیژی ناوی برد کە دەبێتە هۆی بوژانەوەی بنەڕەتیی ئابووریی عیراق و رەخساندنی دەرفەتی نوێ لە ناوچەکەدا.



