بانکی ناوەندیی عیراق، جەختی کردەوە کە کارتەکانی پارەدان بە نرخی رەسمی پەسەندکراو کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە دەرەوەی وڵات.

بانکەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا: ئەو هەواڵەی کە یەکێک لە ئاژانسەکانی هەواڵ لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە بانکەکە بڕی 600 ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە چونکە نرخی پێشووی 1320 دیناری بۆ هەر دۆلارێک پەسەند نەکردووە، بەڵکو داوای پێداچوونەوەی بڕەکەی کردووە لەسەر بنەمای نرخی ئێستای ئاڵوگۆڕ کە 1520 دینارە بۆ هەر دۆلارێک، دوورە لە راستییەوە.

بانکەکە جەختی لەوە کردەوە: داواکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی کە پێشکەشی بانکییەکان کراون پێش رێککەوتی 7/10/2026، بە نرخی پێشووی ئاڵوگۆڕ و بێ تێچووی زیادە جێبەجێ کراون، و دەستی کردووە بە وەرگرتن و جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە.

هەروەها وتیشی: تەواوی کارتەکانی پارەدان بە نرخی رەسمی پەسەندکراو کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە دەرەوە، و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: لە نووسراوی دەستەی راگەیاندن و گەیاندندا هاتووە پەنابردن بۆ وردبینی لە هەموو ئەوەی کە بڵاو دەکرێتەوە دەربارەی نرخی ئاڵوگۆڕ، بازاڕەکان و موچە، و دڵنیابوونەوە لە سەرچاوە رەسەنەکانیان پێش بڵاوکردنەوە، و بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی لەلایەن ئەم بانکەوە دەگیرێتە بەر بەرانبەر هەر لایەنێک کە پڕوپاگەندە و هەواڵی هەڵە بڵاو بکاتەوە.