دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق ئاگادارییەکی رەسمی ئاراستەی سەرجەم دەزگا و مینبەرە راگەیاندنەکان کرد، تێیدا جەخت لە گرنگیی رۆڵی نیشتمانیی راگەیاندن دەکاتەوە لەم قۆناغە هەستیارە ئابوورییەدا که عیراق و ناوچەکەی پێیدا تێپەڕ دەبێت.

دەستەکە لە ئاگادارییەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە: پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن زۆرترین وردبینی پەیڕەو بکەن لە هەموو ئەو هەواڵ و بابەتانەی سەبارەت بە نرخی ئاڵۆگۆڕ، بازاڕەکان و موچە بڵاو دەکرێنەوە، هەروەها دڵنیابوونەوە لە سەرچاوە رەسمی و تایبەتمەندەکان پێش بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەک.

هەروەها داوای کردووە: بڕیارە ئابوورییەکان بەهۆکار و دەرئەنجامەکانییەوە بە شێوازێکی هاوسەنگ بخرێنە روو، و جیاکارییەکی روون لە نێوان زانیاری و رای شارەزایان و شرۆڤەکاراندا بکرێت.

لە تەوەرێکی تردا، دەستەکە هۆشداری داوە لە خۆدوورخستنەوە لە سەردێڕی وروژێنەر و گەورەکردن یان بچووککردنەوەی روداوەکان کە دەبنە هۆی لاوازکردن و تێکشکاندنی متمانەی رای گشتی، جەختیشی کردووەتەوە: بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست کاریگەری نەرێنی لەسەر جووڵەی بازاڕ دەبێت و هاووڵاتی باجی یەکەمی دەدات.

لە کۆتاییشدا، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان دووپاتی کردەوە: ئەم رێکارانە بە هیچ شێوازێک دەستکاری مافی رەخناوەی بابەتی و گفتوگۆکردنی سیاسەتە ئابوورییەکان ناکەن، بەڵکو داوا لە راگەیاندنکاران دەکات ببنە هاوبەش و پشتیوانێک بۆ هاووڵاتی و نیشتمان لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختەدا.