وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایدەکات، تا کۆتایی ساڵی 2027 رێژەی سوتاندنی غازی هاوەڵ دەگەیەننە ئاستی سفر، هەروەها جەختی کردەوە کە تەواوی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان ئامادەکراون بۆ وەبەرهێنان لەو غازەدا.

عیزەت سابیر، بریکاری وەزیری نەوت رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی نەوتدا، وەبەرهێنانی تەواو و دروست لە غازی هاوەڵدا ئەنجام دەدرێت و تا کۆتایی ساڵی 2027 دەگەینە کۆتاییهێنان بە تەواوی سوتاندنی غاز.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا کۆتایی ئەمساڵ دەست دەکرێت بە وەبەرهێنانی نزیکەی 80 ملیۆن پێی سێجا لە غازی کێڵگەکانی کەرکوک، ئەمەش هاوکار دەبێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی روناکی و کارەبا.

عیزەت سابیر ئەوەشی خستەڕوو، بە پشتبەستن بە توانای ناوخۆیی، کارەکانی چاکسازیی خولی لە کۆمپانیای غازی باکور بەردەوامن و بەم زووانە تەواو دەبن، جەختیشی کردەوە کە کەمکردنەوە و وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ لە کەرکوک و تەواوی عیراق، پایەیەکی سەرەکییە بۆ پاڵپشتیکردنی ئابوریی نیشتمانی و دابینکردنی سەرچاوەی زیاتری کۆکردنەوەی وزە.

لەلایەن خۆشییەوە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکور رایگەیاند، هەموو کێڵگە و بیرە نەوتییەکان بۆ پرۆسەی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ ئامادەن و بە تەواوی تواناوە کار بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەکەن.