بانکی ناوەندیی عیراق: دەستکاریی نرخى ئاڵوگۆڕى دراو هەنگاوێکی نائاساییە بۆ پاراستنی دارایی دەوڵەت
محەمەد رزگار
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بانکی ناوەندیی عیراق ئاشکرایدەکات، بڕیاری دەستکاری کردنی نرخى ئاڵوگۆڕى دراو وەک رێکارێکی نائاسایی و پێشوەختە بووە بۆ دابینکردنی بودجە و پاراستنی رەوشی دارایی وڵات.
حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عیراق رایگەیاند، عیراق لەبەرانبەر بارودۆخێکی نائاسایی و سەختدایە بەهۆی داخرانی گەروی هورمز و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت، کە ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی داهاتەکان؛ بۆیە ئەم گۆڕانکارییە لە نرخى ئاڵوگۆڕدا بۆ رێگریکردن بووە لە زیانی گەورەتر بە ئابوریی دەوڵەت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە هاوکار دەبێت لە بووژانەوەی پیشەسازیی ناوخۆیی و بەرهەمی نیشتمانی، بەو پێیەی رێگە لە هەڵکشانی هاوردەکردنی کەلوپەلی دەرەکی دەگرێت و لەمەودوا زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی دەبەسترێت.
سەبارەت بە جیاوازیی نرخی رەسمی دۆلار و نرخی بازاڕەکان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندی جەختی کردەوە، ئەو جیاوازییە بەستراوەتەوە بەو مامەڵە بازرگانییانەی لە دەرەوەی رێکار و یاساکان دەکرێن؛ هاوکات حکومەت کار لەسەر توندکردنەوەی کۆنتڕۆڵی سنورەکان و رێکخستنەوەی هاتنەژوورەوەی کەلوپەل دەکات.



