رۆژنامەی "جیروزالیم پۆست"ـی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کە واشنتن دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم بەغداد؛ یان چەککردنی گروپە چەکدارەکان یان روبەڕووبوونەوەی داڕمانی تەواوەتیی ئابوری.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق، بەڵام واشنتن تا ئێستاش کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر بەغداوە هەیە، چونکە لە ساڵی 2003ەوە کۆنتڕۆڵی داهاتی نەوتی عیراقی لە دەستدایە و ئەمەش رێگری لە چوونی تەواوەتیی عیراق بۆ ناو میحوەری ئێران دەکات.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا هەست بکات بەغدا پابەند نییە بە چەککردنی گروپە چەکدارەکان، رەنگە راگرتنی رەوانەکردنی داهاتی نەوت بڕیار لێ بدات کە ئەمەش ئابوریی وڵاتەکە بەرەو داڕمانی تەواو دەبات.

 لە راپۆرتەکەدا جەختکراوەتەوە، کە ئارامیی واشنتن لەم بابەتەدا بەرەو کۆتایی دەچێت و چاوەڕوانی کۆتا وەڵامی بەغدادە.