ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق نرخی رەسمی ئاڵوگۆڕی دۆلاری بەرانبەر دینار دەستکاری کرد، نرخی فرۆشتنی یەک دۆلاری بە دامەزراوە  و هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد.

بە گوێرەی ئەو نوسراوەی بڵاوکراوەتە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەپێی بڕیاری ژمارە 544ی ساڵی 2026کە لەسەر پێشنیازی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق دەرچووە، بەڕەسمی دەستکاریکردنی نرخەکانی ئاڵوگۆڕی دۆلاری بەرانبەر بە دیناری عیراقی راگەیاند.

بەپێی بڕیارەکە، نرخی کڕینی یەک دۆلار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بە 1500دینار و نرخی فروشتنی بە بانکەکان بە 1510 دینار دیاری کراوە، هەروەها نرخی فروشتی یەک دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە ناپانکییەکانەوە بۆ بەکارهێنەری کۆتایی کراوەتە 1520 دینار.

بە گوێرەی بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە ئەم بڕیارە کاری پێدەکرێت و حکومەتی عیراق 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتیان و بازرگانان لە بانکەکاندا، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئێستادا 100 دۆلار لە بازاڕدا بەهاکەی لە سەرو 165 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.