قەدەغەی هاتووچۆی ماتۆڕسکیل لە قەزای حەویجە راگەیەندرا
سەوسەن سەید
٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دوای هێرشێکی چەکدارانی داعش لە شەوی رابردوودا بۆ سەر خاڵێکی چاودێریی فەوجی سێی لیوای نۆ لە نزیک گوندی "ئەلبوغالیە" کە بووە هۆی شەهیدبوونی کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی، هێزە ئەمنییەکان و فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵیی عیراق زنجیرەیەک رێکاری ئەمنیی نوێیان لە قەزای حەویجە و گوندەکانی سەربە پارێزگای کەرکوک راگەیاند.
بڕیار دراوە لە کاتژمێر شەشی ئێوارەوە تا شەشی بەیانی قەدەغەی تەواوەتیی هاتووچۆ بەتایبەت بۆ ماتۆڕسکیلەکان (بە ماتۆڕسکیلی باریەشەوە) بگرێتەوە، بە جۆرێک هەر ماتۆڕسکیلێک سەرپێچی بڕیارەکە بکات دەستبەجێ دەستبەسەر دەکرێت و رێگەدان بە هاتووچۆشیان تەنها لە حاڵەتی زۆر پێویست و بە رەزامەندیی رەسمی دەبێت.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانیش لە ماوەی دیاریکراودا رووبەڕووی پشکنینی ورد دەبێتەوە لە رێگەی بازگە رەسمی و کاتییەکانەوە.
هێزە ئەمنییەکان داوایان لە سەرجەم دانیشتووانی حەویجە و ناوچەکانی دەوروبەری کردووە پابەندی تەواوی رێنماییەکان بن بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.



