چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێی دۆسیە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان دەکات
لاوەند سالار حەمەد
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە (298) لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی ئەساسی نیشتمانی، بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی چەندین پرس و دۆسیەی گرنگی نیشتمانی کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە بژێویی ژیان و خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتیانی عیراقەوە هەیە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە کۆبوونەوەکەدا میوانداریی فالح ساری، وەزیری دارایی کراوە و تێیدا پێداچوونەوە و گفتوگۆ لەسەر کاروباری دارایی و ئابوریی وڵات و پلانی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت کراوە.
وەک لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە تیشکیان خستووەتە سەر دۆسیە ئابوری و داراییە لەپێشینەکان، هەروەها جەختیان لەسەر گرتنەبەری سیاسەتی نەختینەیی و گەشەپێدان کردەوە کە پشتیوانی لە سەقامگیریی ئابوری بکات و بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری بکات لە بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی تاکی عیراقی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە پێشهاتەکانی گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و پرسەکانی ئێستای ناوچەکە و جیهان کرا، هاوکات گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی عیراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی لە نێو ئەو ئاڵەنگارییانەی دەوروبەریدا دووپات کرایەوە.


