کۆمپانیای "یۆرۆوینگز"ی ئەڵمانی گەڕانەوەی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی بۆ بەغدادی پایپەخت راگەیاند؛ بەجۆرێک لە 10ی کانونی یەکەمی 2026ەوە هەفتانە چوار گەشت لە بەرلین و دۆسڵدۆرفەوە بۆ بەغداد ئەنجام دەدرێن، ئەوەش دوای زیاتر لە 40 ساڵ لە راوەستانی گەشتی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بۆ عیراق.

بەپێی بەرنامەی کۆمپانیاکە، هەفتانە دوو گەشت لە بەرلین و دوو گەشت لە دۆسڵدۆرفەوە بۆ بەغداد ئەنجام دەدرێن، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی تۆڕی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان هەردوو وڵات و رێگەخۆشکردن بۆ فراوانبوونی ئامادەییی کۆمپانیا ئەورووپییەکان لە بازاڕی عیراقدا.

دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عیراقدایە بۆ راکێشانی کۆمپانیا ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان و تەواوکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ئاسایش و سەلامەتیی فڕۆکەخانەکان.

شایەنی باسە، کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە گەشتەکانیان بۆ عیراق راگرتبوو، لە ئێستاشدا زیاتر لە 10 کۆمپانیای ئەڵمانی داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەنجامدانی گەشت بۆ عیراق لە قۆناغی داهاتوودا.