عیراق لە ساڵێکدا بە بەهای 125 ملیۆن دۆلار چای هیندی هاوردە دەکات
سەوسەن سەید
٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە کاتێکدا عیراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سەروەت و سامانەکەی، داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکەن کە سالانە دەیان ملیۆن دۆلار لە گەنجینەی دەوڵەت تەنها بۆ دابینکردنی چا رەوانەی دەرەوە دەکرێت.
عەلی کەریم زەهیب، توێژەری ئابووری و دارایی لە رێکخراوی (أضواء دجلة) بۆ برنامەڕێژیی ستراتیجی، ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند: داتا رەسمییەکانی بنکەی زانیاریی (COMTRADE)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماری شۆکهێنەریان دەربارەی بەردەوامیی چوونەدەرەوەی دراوی قورس لە عیراق ئاشکرا کردووە، ئەوەش تەنها لەپێناو دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان.
زەهیب لە بەیاننامەیەکی رێکخراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد: تەنها هەناردەی چای هیندستان بۆ عیراق لە ساڵی 2025دا بەرزبووەتەوە بۆ 125.24 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، روونیشی کردەوە کە ئەمە بڕە پارەیەکی زۆر گەورەیە تەنها بۆ دابینکردنی "چا" دەدرێت کە لە هیچ ماڵ و چایخانەیەکی عیراقدا دەستبەرداری نابن.
ئەو توێژەرە باسی لەوەش کرد: ئەم هاودژییە سیستمی ئابووری و دارایی وڵات دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە لۆجیکی نییە وڵاتێکی دەوڵەمەند بە سەروەت و سامان نەتوانێت بیر لە جێگرەوەیەک بکاتەوە بۆ کاڵایەکی بەکاربەری سەرەکی کە دەیان ملیۆن دۆلار لە گەنجینەی دەوڵەت بۆ جووتیار و وەبەرهێنەرانی هیندستان و وڵاتانی دەرەوە دەبات، لە کاتێکدا توانای ناوخۆیی پەکخراوە و لە هەموو پلانێکی ستراتیجی بۆ بەخۆماڵیکردنی پیشەسازیی خۆراک پەراوێز خراوە.



