گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لە نێوان بەغداد و ئەڵمایا دەستپێدەکاتەوە.

بڕیارە لە مانگی کانونی یەکەمی داهاتودا، گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان بەغداد و شارەکانی ئەڵمانیا دەستپێبکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای "یۆرۆ وەنکس"ـی ئەڵمانی، کە یەکێکە لە پاشکۆکانی کۆمپانیای گەورەی لوفتهانزا، رایگەیاند کە لە 10ی کانونی یەکەمی داهاتووەوە هەفتانە چوار گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام دەدات.

بە پێی خشتەی کۆمپانیاکە، گەشتەکان بە رێژەی دوو گەشت لە بەرلینەوە و دوو گەشت لە دوسلدۆرفەوە بەرەو بەغداد بەڕێدەکەون. ئەم هێڵە نوێیانە دەچنە پاڵ ئەو گەشتە راستەوخۆیانەی کە لە ئێستادا هەولێر بە شارە جیاوازەکانی ئەڵمانیاوە دەبەستنەوە.

کۆمپانیا ئەڵمانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم هەنگاوە دوای زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران لە ئەڵمانیاوە بۆ عیراق دێت،هاوکات، کۆمپانیاکە دەیەوێت سوود لە کەمبوونی گەشتە راستەوخۆکانی نێوان بەغداد و ئەوروپا ببینێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا، هەروەها پەرەپێدانی جووڵەی بازرگانی و سوودمەندبوون لەو ئاسانکارییە نوێیانەی بۆ کەرتی بزنس و پێدانی ڤیزا لە فڕۆکەخانەکاندا کراون بۆ کەمکردنەوەی رۆتینی کارگێڕی.