سەرۆک وەزیرانی عیراق: کاردەکەین بۆ داماڵینی چەکی ئەو گروپانەی هاتونەتە خاکی عیراق
بڵند
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ کاردەکەن بۆ داماڵینی چەک لەو گروپانەی عیراقی نین و لە خاکی عیراقدا نیشتەجێن، بەڵێنی کڕینی سیستمی بەرگرییش دەدات.
عەلی زەیدی پیرۆزبایی ئەم رۆژە لە گەلی عیراق دەکات وجێهێشتنی هێزەکاای هاوپەیمانی بە دەستکەوتێکی گەورەی نیشتیمانی وێناکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆژی 1ـی ئۆکتۆبەر دەستپێکێکی نوێ و جدییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەک لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ حکومەت بە پشتیوانی خودا و بەگوێرەی دەستور کار بۆ داماڵینی تەواوەتی چەکداماڵینی سەرجەم ئەو گروپە چەکدارانە دەکات، کە هێندراونەتە عیراق و لەسەر خاکی عیراق ئامادەن، بەمەش ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە دەپارێزێت و سنورەکانیش مسۆگەر دەکرێت.
هەروەها جەختیشیکردوەتەوە، حکومەتی عیراق پابەندبونی دەستوری خۆی دوپات دەکاتەوە بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاک و ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆ هەر کارێک، کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بکات.
عەلی زەیدی ئەوەشیخستوەتەڕوو، بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکان، هەوڵدەدەن بە کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، پاڵپشتی دامەزراەوە ئەمنییەکان بکەن بۆ بەهێزکردنی سەروەری تەواوی عیراق.



