هێزی ئاسمانیی عیراق: تەواوی ئەركەكانمان بەبێ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێن
کەژان, ساکۆ سمکۆ
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
فەرماندەی هێزی ئاسمانی عیراق ئاشکرایدەکات، تەواوی ئەركەكانیان سەربەخۆیانە و دوور لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدەن.
خالید تەمیمی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عیراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە هیچ هێزێكی هاوپەیمانان ئەركێكی لە ناو خاكی عیراقدا جێبەجێنەكردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، فڕۆكەی پێشکەوتووی وەك ئێف-16، تی-50، ئێڵ-159 فڕۆكەی سێسنا و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سەر بە هێزە عیراقییەكان شوێنی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانیان گرتووەتەوە.
روونیكردەوە، بوونی كۆمپانیا بیانییەكان لە بنكەكان تەنها بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەكنیكییە بەرانبەر بە پارە و وەک هێزی سەربازی نامێننەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پەرەپێدانی تواناكان بەردەوامە و چاككردنەوەی فڕۆكەكانی ئێف-16 بە رێژەی 100% لەلایەن كادر و ئەندازیارانی عیراقییەوە ئەنجامدەدرێت و لە هەوڵیشدان بۆ كڕینی 14 فڕۆكەی پێشكەوتووی رافایلی فەرەنسی.



