دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراق ئەنجامدانی پرۆسەی تیروپشکی ئەلکترۆنی بۆ دیاریکردنی حاجییان راگەیاند.

بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمیی دەستەکە: پرۆسەی تیروپشکە ئەلکترۆنییەکە بۆ هەڵبژاردنی ئەو هاووڵاتییانەیە کە فەریزەی حەج بۆ ساڵانی (2027ی تەکمیلی، 2028، 2029 و 2030) ئەنجام دەدەن.

روونیشکراوەتەوە:پرۆسەکە بە سەرپەرشتی دادوەرانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان، ئەنجومەنی پارێزگاکان و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەدەچێت.

دەستەی حەج و عومرە جەختی کردووەتەوە: ئەم رێکارە ئەلکترۆنییە بۆ دەستەبەرکردنی شەفافیەت، دادپەروەری و رەخساندنی دەرفەتی یەکسانە، هاوکات رێگری لە هەر دەستوەردانێک لە ئەنجامەکاندا دەکات.

سیستەمی تیروپشکەکە لەلایەن چەندین لایەنی رەسمیی شارەزاوە پشتڕاستکراوەتەوە؛ ئەنجامەکانیش تەنیا لە رێگەی ماڵپەڕی رەسمی و لاپەڕە باوەڕپێکراوەکانی دەستەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە.